بەهاری ئەمساڵ بارانی باش، بەڵام تەرزەی زۆری لەگەڵ بووە، جیاوازی گلێرە و تەرزە لە چ دایە؟ دەڵێن گلێرە یان گڵێرکە، وردە و نابێتە سەهۆڵ، بەڵام تەرزە درشتە و دەبێتە سەهۆڵ؛ لەم بیر و فکرانە دابووم، بۆ لای تەلەفیزیۆن چووم کە بە بزانم دنیا چ خەبەرە، لە کاتی بیستنی باس و هەواڵەکاندا، گوشییەکەم زەنگی خوار، نێوی د، موحەممەد فڕووهەەندە هاتە سەر لاپەڕەی گوشیەکە. دوای چاکوخۆشی لە ناسینی کاک حەسەن سەرداری (کرماشان) پرسی، وتم بەڵێ، دەیناسم و بڕیاردرا ئەو شەوە وێڕای “د. ئەحمەد ئەحمەدیان” چوار قۆڵی کۆببینەوە. بۆیە پاش نوێژی شێوان بەرەو ماڵی د. فرووهەندە وەڕێکەوتم، پاش گەیشتن و دوای چاک و خۆشی و هەواڵ زانینی یەکتر، دەستکرا بە قسەوباسی جۆراوجۆر نەماهێشت کات بە فیڕۆ بچێت و باسێکی زۆر لە بارەی وشەناسی، ڕۆژنامەگەریی کوردی، چالاکانی مێژووی ئەدەبی کوردی و زۆر بابەتی تر کرد.
لە سەرەتای باسەکە، کاک حەسەن هۆگری خۆی بۆ وشەناسی دەربری و وتی: ئەگەر بڕوانینە جیاوازی نێوان “لار” و “خوار” یا جیاوازی نێوان «ڕەشداگەڕا» و «ڕەشهەڵگەڕا»! دەبینین کە لار، بۆ بەشی ئەستووندەکی دەڵێن، وەک ئێژن ئەم دارە لارە، بەڵام خوار بۆ بەشی ئاسۆیی دەبێ وەک دەڵێن کەپووی خوارە، یا وشەی ڕەشهەڵگەڕا هۆکاری ناوخۆیی هەیە، ڕەشداگەڕا هۆکاری دەرەوەی هەیه.
پاشان کاک حەسەن وەک خۆناساندنێک، وتیشی: ساڵی 1336ی هەتاوی لەدایکبووم، لە دایک و باوکی کرماشانی، لە باوکەوە شیعە و لە دایکەوە سوننی، لە دایکەوە گۆران(هەورامی) و لە باوکەوە لۆڕ ـ بۆ زانیاریتان، ئەمیرسەردار، باپیری من لەسەردەمی قاجارەکان، حاکمی لۆڕستان بووە ـ. لە شاری سنە چاووم بە دنیا هەڵێناوە. باوکم نەججار بووە و زوو چۆتە تاران. من ژیانم زیاتر لە تاران بەسەر بردووە. پتر لە پەنجا ساڵ لە تاران ژیاوم. کوردیزانین و نوسینەکە هونەری خۆمە نە ئی دایک و باوکم. پیشەم، تراشکاریی سەنعەتییە. کارەکەم سەییارە و دەچم حەوتوویەک کار دەکەم و دوو مانگ بێ کارم و دەگەڕێم. ساڵێکە بە دووی پڕۆژەیەکم، ئەویش ئەمەیە کە جەمعێ لەوانەی کە مێژوونووسن، پێنجشەممەی داهاتوو بۆ سنە بانگێشتنیان بکەم، لەڕاستیدا تا ئێستا ئەمەی لە مێژوودا نوسراوە یەککەس نووسیویەتی، ئەمجار دەمهەوێ ئەم کارە بە شێوەی جەمعی بەڕێوە بچێ. ئەمبەشانە؛ مێژووی کۆن و باستان، باستانناسی، مێژووی هاوچەرخ، لە هەر چوار پارێزگای کوردنشین و... مێژوونوسانم بانگێشت کردووە کە مێژووی زاگڕۆس بنووسنەوە. بۆ ئاگاداریتان، سەدووسی دوکتۆرای مێژوو، چلکەس کارناسی باڵام بانگێشت کردووە،؛ وەک: د. ئیسماعیل شەمس، د.فەریدوون نووری، د.ئیسماعیل مەحموودی”.
کاک حەسەن وەک خۆی دەڵێ، دەوڵەمەندترین کتێبخانەی کوردی هەیە و شارەزایە بەسەر شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی و بە هەر دوو شێوەزارەکە وتاری هەیە، وەک ڕوونکردنەوەیەک پێویستە ئەوەش بڵێم کە کاتی خۆی بە وتارێکی چڕوپڕ ڕوونکردنەوەیەکی بە پێزی لە بارەی وشەی قوومقەڵا (کە لە وتارێکی مندا لە سەر مەولوودنامەی قوومقەڵا” ناوی هاتبوو) لە حەوتەنامەی سیرواندا ئاراستەی کردووە.
لە درێژەی باسەکەندا، باس لە پەتیگەری کوردی کرا و باسەکە بوو بە هەوێنی وتوێژەکی چڕوپڕ لەگەڵ «دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان»؛ زمانناس، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی، کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
①‒ زمانی کوردی لەکەیەوە هاتۆتە سەر کاغەز بوو بە ئاوێتەی زمانی نووسین بووە؟
‒ سەرەتای پەتیگەری لە ژومارەی یەکەمی “گەلاوێژ” کە ساڵی 1318ی هەتاوی دەردەچوو لە سەر دەستی مامۆستا برایم ئەحمەد و مامۆستا مەلا عەلائەدین سەججادی، دەستی پێکردووە، دوای دوو سێ ساڵان برایم ئەحمەد لەوێ نەما و دە ساڵی ڕەبەق هەموو ئەرکەکە کەوتە سەرشانی مامۆستا عەلائەدین سەججادی. دەبینی چەند شت مڕۆڤی گەورە دەکەنەوە، بۆ وێنە، ئەم پێشەنگی و ئەم کارانە و هەروەها نووسینی کتێبی “مێژووی ئەدەبی کوردی” کە ساڵی 1331ی هەتاوی نووسیویەتی، هەمووی ئەوانە، مامۆستای مەلا عەلائەددین سەججادییان گەورە کردۆتەوە و زیاتری ناودار کردووە. دوای گەلاوێژ، ڕۆژنامەی “نیشتمان” کە ساڵی 1322 لە لایان مامۆستا زەبیحی بەڕێوە دەچوو و دوای ئەوانیش ڕۆژنامەی “کوردستان” کە ساڵی 1324ی کە لەسەردەمی کۆماری مەهاباد دەهاتە دەرێ. ئەم سێیانە(گەلاوێژ، نیشتمان و کوردستان) سێکوچکەی پەیدابوونی پەتیگەری کوردی بوونە.
② ئەی دوکتۆر ڕۆژنامەی کوردستان بەدرخان لە قاهیرە، ئەو چۆن بوو؟
‒ ئەو ڕۆژنامەیە دەرچووی ساڵی 1898ی زایینی کوردی کرمانجی بوو، ئێمە باس لە کوردی سۆرانی دەکەین. جێی ئاماژەیه، مامۆستا مەلا موحەممەد قزڵجی وەک بنیاتنەری ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەناسرێ. کوردی ئەوکات تەواو تێکەڵاوی فارسی و عەڕەبی بووە.
③مەبەستت لە پەتیگەری چییە؟
‒ ئەم نووسینەی ئێستاکە! بۆ وێنە تۆ ئەگەر حەفتاساڵ لەمەوبەر بایە، جۆرێ ترت دەنووسی وەکوو کوردیی قەدیم کە پڕه لە وشە و زاراوەی فارسی و عەڕەبی. وەک وتارەکانی حاجی ڕەحمانئاغای موهتەدی، و تێکڕای بەرهەمی حوزنی موکریانی. یەکەم کتێبی حوزنی موکریانی کە ساڵی 1305ی هەتاوی بە نێوی بەهارستان نووسیویەتی چاپ بووە، پڕە لە وشە و زاراوەی عەڕەبی و فارسی، بەڵام سەرنجم داوەتێ ـ هەمووم خوێندۆتەوە ـ ئەگەر گۆڤاری گەلاوێژ دێ و وتاری بۆ دەنووسێ، شێوازی کوردینووسینی پەتی تێدا دەبیندرێ. دەتوانین بڵێین: گۆڤاری “گەلاوێژ” خاڵ-گۆڕانێک لە ڕۆژنامەگەری و پەتیگریی کوردی بووە.
④بەڕێزت پێت وایە پەتیگەری، سڕینەوەی وشەگەلی فارسی و عەڕەبییە؟
‒ هەڵبەت بە بڕوای من وا نییە؛ دەبینی ئاسەواری مەلای جزیری، فەقێتەیران، خانی، خانای قوبادی، نالی، مەحوی، سالم و... پڕە لەم وشەگەلە؛ ئەم وشانەی کە لەمێژە لەنێو ئێمەدا هەن، تازە مڵکی ئێمەن، بەڵکە دەبێ داڕشتن و پێکهاتە و فۆنداسیۆن، بە واتایەکی دی سینتاکس و نەحووکەی، کوردی بێ، نەک سڕینەوەی وشەگەلی بیانی؛ من دوو نموونەی عەینیت بۆ دێنمەوە، هەژار و هێمن پەخشانەکەیان چۆنە؟ هەژار و هێمن جارجار نەبێ و مەگەر وەگیریان نەکەوتبێ، دەنا فارسی و عەڕەبی تێناهاوێن. بە پێچەوانە، حوزنی مەگەر دەنکە دەنکە دەنا ئەتۆ کوردی تێدا نابینێوە، یا کتێبی تاریخی “ ئەمین زەکی بەگ” پڕە لە وشەگەلی عەڕەبی و فارسی.
⑤ئەگەر سرنجبدەیەی، دەبینی ڕۆمان، وتار و کتێبی ئەمڕۆکەی کوردی، پڕە لە وشەی ڕەسەن، بەڵام قورسە و مەتڵەبت زوو ناداتە دەستی؛ ئەخە ئەمەش گرفتێکە، کابرا زیاتر دەیهەێ هونەرنمایی بکات، هەڵبەتە ئەمە لە نێو عەڕەبیش دا هەیە و هەر وەها لە ناو فارسیشدا ئێوە ڕاتان چییە؟
‒ئەمە دوو هۆکار هەیە؛ 1ـ یا زمانەکە زمانی زانستییە و پێویستی بەمە هەیە، وەک زمانی فیزیک، شیمی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و... کە سەختە؛ وەک زمانی پڕۆفیسۆر موحەممەد کەماڵ و دوکتۆر عادڵ باخەوان و ... 2ـ یا هۆکارەکەی لاوازی لە نووسیندایە، واتە زەعفی تەئلیفە، کە نموونەی ئەمە زۆرن.
⑥ئەمڕۆژانە دوو تەفسیر یا باشتر وایە بڵێم دوو وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز، تەفسیری پوختەی مامۆستا موحەممەد مەلا ساڵح و تەفسیری ئاسانی مامۆستا بوڕهان موحەممەدئەمین، لە دوو سووڕەتی موباڕەکەی ”البقره“ و ”آلعمران“ و چەند جێیدیش لە سوڕەتی موباڕەکەی ”النساء“م دەخوێندەوە، هەر دووکیان لە کاتی وەرگێڕان خۆیان پاراستووە لە وشەگەلی عەڕەبی و فارسی، بەڵام تەواو هەست دەکەی تەفسیری ئاسان زووتر بابەتەکەت دەداتە دەستی، داڕشتنەکەی هەموارترە و ڕەوانترە لە ئی مامۆستا بامۆکی؛ ئێوە چ دەڵێن؟
‒ زمانی مامۆستا هەژار و هێمن لە بابەت پەتینووسی لێکنزیکن، بەڵام ئەگەر ئێمە هەڵیانبسەنگێنین جیاوازییان هەیە، ئی مامۆستا هەژار تۆزێ زێدەڕۆیی تێدا دەبینی، بەڵام چون لێی دەزانێ لێی جوانە و لەبارە. زمانی مامۆستا هێمن بەڕاستی زمانێکی پێوەرە و هیچ زێدەڕۆیی تێدا نابینی، بەڵام لە ئی مامۆستا هەژاردا هەیە، بەڵام کەمە و لێی جوانە و ڕازاندوویەتەوە.
⑦بەڕاستی کۆمەڵە وتاری ”خەزینە”ی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان شاکارە، چ لە بواری ئەدەبی، چ لەبواری گێڕانەوە، کە بابەتگەلی نوێی تێدایە، چ لە باری وێنەی زمانییەوە، بەڵام هەست دەکرێ ـ بۆ چوونی خۆمە ـ تەکەللووفی تێدایە، گەلێ جار باری گێڕانەوەی فیدای بەشی ئەدەبی کردووە، تا کوێ لەگەڵ ئەم ڕەخنەیەی؛ بە بێ لایەنگری و ئەمە کە باوکی جەنابتانە و گەورە و سەروەری ئێمەیە؟
‒زمانی مامۆستا ئەحمەدیان لە زمانی مامۆستا هەژار نزیکترە. هەڵبەت مامۆستا ئەحمەدیان، چەند جۆری نووسراوەی هەیە، “ئایینوکۆمەڵ” و “تەفسیری سووڕەتی یاسین”، وەک زمانی مامۆستا هێمن وایە، واتە جوانکاریی ئەدەبی تێدا نییە. بەڵام “خەزێنە” و “موناجاتی مەلا عەبدووڵڵا”، لە ئی مامۆستا هەژار نزیکە.
⑧من خۆم جیاوازی لە نێوان ”خەزێنە“ و ”موناجاتنامە“دا دەبینم؛ کە لە موناجاتنامەدا تەکەللووف کەمترە.
ـ ئەمە نابێ لە ڕوانگەی من و تۆ بێ، با لە ڕوانگەی سێکەسیتر کە شتیان لەسەر نووسیوە باسی بکەین:
1ـ دوکتۆر محەممەد ڕەحیمیان، دوکتۆرای فەلسەفەی هونەری هەیە، وتارێکی لەسەر خەزێنە نووسیوە بە نێوی ”ئایینی-نەتەوەیی و نەتەوەیی-ئایینی“، بەڕێزیان لەوێدا دەڵێ: لەم سەفەرنامانەدا و لەم پەخشانانەدا، لایەنی گێڕانەوە ئەوەندە بە هێزە، هەر دەڵێی چیڕۆکە، گێڕانەوە و تەوسیفەکە لەڕادەبەدەر بەهێزە.(هێمن لە پەخشانەکەیدا
داهێنان و جوانکاری کەمە، ئەوە نەک بە مانای زەعفی تەئلیفە؛ پەخشانی هێمن پێوەرە. هێمن لە شێعرەکەیدا ئافراندن و داهێنانی زۆر بەهێزترە.)
2ـ مامۆستا عەزیز ئالی: « مامۆستا ئەحمەدیان، لە پەخشانەکەیدا شاعیرترە تا لە شێعرەکانی، لایەنی ئەدەبی و داهێنەرانە و سەجع و جوانکاری و تەوسیف و گێڕانەوەی لەڕادەبەدەر بەهێزە».
3. دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە: ئەویش پێی وایە پەخشانی مامۆستا ئەحمەدیان و مامۆستا هەژار لەڕادەبەدەر وەک یەک دەچن.
⑨ جەنابتان پەخشانی مامۆستا هێمن بە پێوەر دەزانێ؟
ـ بەڵێ، وەک پەخشانی پاراوی ساکار؛ بەڵام زمانی مامۆستا هەژار و مامۆستا ئەحمەدیان جوانکاری و داهێنان و لایەنی ئەدەبی تێدایە، ڕیزەکاری تێدایە.
⑩ ئەمڕۆکە ئەم پەخشانە ڕەوانانە نابینم، یا من ئەهلی موتاڵا نیم یا هەش بێ کەمە، دۆستان باسیان لەوە کرد کە هەیه بەڵام کەمە، ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە، وەک زاڵنەبوون بەسەر زمان، دەسەڵاتی کەمی زمانزانی، بۆیە ئەوەندەی دەنووسرێ، ئەوەندە ناخوێندرێتەوە. هەر ڕۆژە ڕۆمانێک دێتە بازاڕێ.
‒ باوەڕکە ئەوەی عەڕەبی و فارسی چاک نەزانێ ناتوانێ نووسەرێکی گەورە بێ، بۆ نموونە، هەژار، هێمن، مامۆستا ئەحمەدیان، مەلا عەوڵای حەسەنزادە، عەزیز گەردی حەتتا زەبیحی و قزڵجی عەڕەبی و فارسیان چاک زانیوە بۆیە ئاوا شاکار دەخوڵقێنن. ئی وایە چونکە ڕقی لەو زمانەیە، ڕقی لەو ئیدئۆڵۆژیەیە، بۆ لای ناچێ، بۆیە زمانەکەی میکانیکی و وشکە.
①① بەڕاستی هەندێک نووسەر کە وتار یا ڕۆمان دەنووسن، دەگەڕێن کام وشە نامۆیە بەکاری دێنن.
‒بەڵێ وەک مامۆستا ڕاوچی بە تایبەتی لە بووکی گۆڕستاندا و...؛ مامۆستا! ئێمە دوو جۆر پەخشانی ئەدەبیمان هەیە، پەخشانی ئەدەبیی ڕەوان و پەخشانی ئەدەبیی دەستکرد(مەسنووع یا موتەکەللیف)، لە فارسیدا وەک ”تاریخ جهانگشا و نفثةالمصدور”.
‒باس لە نووسەری بە توانا «دوکتۆر سەید موحەممەدخالید غەفاری سەقزی» کرا کە مامۆستای ئایینی بووە و پلەی دوکتۆرای دەست هێناوە و کتێبی “کاملُ الصِّناعةِ الطّبّیه” لە نووسینی: ”عباس مجوسی اهوازی“(متوفی:373 )؛ وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.
ئەم کتێبە شاکارێکی گەورەی پزیشکی جیهانە، کە ئەمساڵ وەک خەڵاتی ساڵی ئێران لە بواری وەرگێڕاندا، خەڵات کرا و بەڕێز دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان دوو وتاری لەسەر نووسیوە.
‒هەر وەها باس لە حاشیە و پەراوێز کرا کە جاری وایە لە دەقەکە زیاتر بەر چاوە. من ئاماژەم بە بابەتی زانستی سەرف کرد لە پەراوێزی قزڵجی و قەرەداغی لەسەر تەسریفی مەلا عەلی؛ یا «فریادی فراتر از زمان» لە بابەت نامەکانی مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە، بە پەراوێزی کاک ناسر عەلیار؛ ئەوجار دوکتۆر ئەحمەدیان کوتی: سەفەرنامەی حەج، بەرهەمی مامۆستا مەلیکولکەلامی مەجدی، کە مامۆستا سەید تاهیر هاشمی، پێشەکی و پاشەکییەکی لەسەر نووسیوە کە لە خودی دەقی سەفەرنامەکە گەلێک پترە و ئینجا باسی کتێبی ”تاریخ مشاهیر کرد“ لە نووسینی بابامەڕدۆخ ڕوحانی کرد، کە لەبەر ئەوەی بابامەردۆخ، نووسەرێک یان پێداچۆرەوەیەکی هاوکاری موکریانی نەبووە، ناوی شەست کەسایەتیی هەرە ناوداری موکریان لە ناو کتێبەکەی دا نییە، یەک لەوان مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی وەزیر دادی کۆماری مەهاباد، لە ناو کتێبەکەی دا نییە.

بۆچوونهکان